
پەیامی کورد... ڕوسیا: لە پلانی بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆم لە بیلاڕووسیا پاشگەز نابینەوە
دوای ئەوەی رووسیا پلانەكەی خۆی بۆ بڵاوەپێكردنی چەكی ئەتۆمی تەكتیكی لە بیلاڕووسیا ئاشكرا كرد، لەلایەن ئەمەریكا و رۆژئاواوە رەخنەی زۆری لێ گیرا، بەڵام وتەبێژی كرێملین دووپاتی كردەوە كە لە پلانەكەیان پاشگەز نابنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئادار -ی 2023 پێگەی "ئیلاف" بڵاوی كردووەتەوە، كاتێك سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین، بڕیاری دا چەكی ئەتۆمی تەكتیكی لە خاكی بیلاڕووسیا بڵاو بكاتەوە، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە رەخنەی زۆری لێ گیرا، بەڵام وتەبێژی كرێملین دمێتری بیسكۆڤ دووپاتی كردەوە، بەهیچ شێوەیەك لە پلانەكەیان پاشگەز نابنەوە و جێبەجێی دەكەن.
ئاماژهی بهوهش كردووه، ئەو كاردانەوانەی وڵاتانی رۆژئاوا بەرانبەر بە پلانەكەمان بۆ بڵاوەپێكردنی چەكی ئەتۆم لە بیلاڕووسیا، كاریگەریی نابێت و پلانەكەمان جێبەجێ دەكەین.
ئەوەش لە كاتێكدایە ڤلادیمێر پوتین دوو رۆژ پێشتر رای گەیاندبوو، لە مانگی داهاتوودا ئامادەكاری بكرێت چەكی ئەتۆمیی تەكتیكی لە خاكی بیلاڕووسیا بڵاو بكرێتەوە، ئەوەیش ئاستی جەنگەكەی لە دژی ئۆكراینا زیاتر هەڵدەكشێت.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتی ئۆكراینا دەكەن.