image


پەیامی کورد...کۆریای باکوور: بۆ هەر جوڵەیەکی ئەمریکا وەڵامی ئەتۆمی وێرانکەرمان دەبێت

کۆریای باکوور رایگەیاند مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور لە ناوچەکەدا بەزاندنی هێڵی سوورە و وادەکات نیمچە دوورگەی کۆریا بەرەو شەڕێکی وێرانکەر ببات.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، ئەمرۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ئاشکرایکردووە، بەردەوامبوونی واشنتۆن لەسەر سیاسەتە دووژمنکارەکانی هیچ بەهایەکی بۆ گفتوگۆ نەهێشتووەتەوە و ئەگەر پێویست بکات بۆ هەر جوڵەیەکی سەربازیانەی ئەمریکا، وەڵامێکی ئەتۆمیانەی وێرانکەریان دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوێنێ چوارشەممەوە، ئەمریکا و کۆریای باشوور مانۆڕێکی سەربازیان لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی پێشکەوتوو دەستپێکردووە، ئەمەش کاردانەوەی خێرای کۆریای باکووری لێکەوتووەتەوە، کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمە.

بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی شارەزایان، کۆریای باکوور خاوەنی 40 بۆ 50 کڵاوەی ئەتۆمییە.

ماوەی چەند ساڵێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور کە هاوپەیمانی ئەمریکایە، گەیشتووەتە ئەوپەری و زۆرکات مەترسی بەریەک کەوتنی سەربازی هەبووە.