
پەیامی کورد... کوژرانی 628 هاووڵاتیی بەلووچ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا
ماڵپەڕی "حاڵوەش" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لانی کەم 182 هاووڵاتیی بەلووچ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە 23 بەندیخانەی ئێران لەسێدارە دراون.
ڕۆژی شەممە 25ی مارسی 2023، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی"حاڵوەش" لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە 628 هاووڵاتیی بەلووچ لە ساڵی 1401ی هەتاوی، لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆرەوە کوژراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە 182 کەس لەسێدارە دراون و 167 کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم کوژراون. هەروەها 82 سووتەمەنیبەر، 76 کەس بەهۆی تەقەی چەکدارانی نەناسراو و 121 کەس لە هەینیی خوێناویی زاهیدان و خاش لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە کوژراون.
لە هەینیی خوێناویی بەلووچستان، لە دوو شاری زاهیدان و خاش، 121 کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی بەلووچ، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێم گیانیان لەدەست دا و لانی کەم 400 کەس لەو ڕۆژەدا بریندار کران.