image

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 2/2 مەسروور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مایك برایسن ریچاردسن باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرینگی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاراستەی داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە زووترین کات تەواو بکرێن و حکوومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.

باڵیۆزی بەریتانیا هاوڕابوو لە سەر گرنگیی نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەمساڵدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پێویست بوونی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا. هەردوولا هاورابوون لە سەر ئەوەی پێویستە پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدراڵ، بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پێش خستنی کەرتی ووزە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە ڕۆزی کەیڤ کونسووڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.