
پەیامی کورد... دوای ١٧ ساڵ، مێسی ناوی لە لیستی بەربژێرانی باڵۆن دۆری ٢٠٢٢دا نییە
فرانس تۆپی پێ ناوی بەربژێرانی باڵۆن دۆری ساڵی ٢٠٢٢ی ڕاگەیاند، ئەوەی جێگەی تێبینییە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە لیستەکەدا نییە.
ڕۆژی هەینی ١٢-٨-٢٠٢٢، فرانس تۆپی پێ بەربژێرانی تۆپی پێی پیاوی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی ٢٠٢٢ ڕاگەیاند و وەک چاوەڕوان دەکرا چەند یاریزانێکی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی تێدایە؛ بەڵام لە لیستەکەدا تەنیا یەک یاریزانی پاریس سانجێرمان هەیە کە ئێمباپێیە.
کەریم بنزیما بە بەهێزترین بەربژێر دادەندرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەوەش دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید بەدەستی هێنا، لەوانەش نازناوی لالیگا و نازناوی چامپیۆنزلیگ.
هەروەها ئەوەی تێبینی دەکرێت ناوی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان لە لیستەکەدا نییە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕیکۆردی جیهانی بە وەرگرتنی ٧ باڵۆن دۆر تۆمار کرد.
ناوی بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆری ٢٠٢٢ی فرانس تۆپی پێ ئەمانەن:
تیبۆ کۆرتوا (ڕیاڵ مەدرید)، ڕافایل لیاو (ئەی سی میلان)، کریستۆفەر نکونکو (لایپیزیگ)، محەممەد سەڵاح (لیڤەرپووڵ)، خۆشوا کیمیچ (بایرن میونشن)، ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد (لیڤەرپووڵ)، بێرناردۆ سیلڤا (مانچێستەر سیتی)، لویس دیاز (لیڤەرپووڵ)، ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی (بارسێلۆنا)، ڕیاز مەحرەز (مانچێستەر سیتی)، کاسیمیرۆ (ڕیاڵ مەدرید)، هیونگ مین سۆن (تۆتێنهام)، فابینهۆ (لیڤەرپووڵ)، کەریم بنزیما (ڕیاڵ مەدرید)، مایک مایگنان (ئەی سی میلان)، هاری کەین (تۆتێنهام)، داروین نونز (لیڤەرپووڵ)، فیل فۆدین (مانچێستەر سیتی)، سادیۆ مانێ (بایرن میونشن)، سێباستیان هۆڵەر (دۆرتمۆند)، لوکا مۆدریج (ڕیاڵ مەدرید)، ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگیر (ڕیاڵ مەدرید)، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (مانچێستەر یونایتد)، کێڤین دی برۆین (مانچێستەر سیتی)، دووسان ڤلاهۆڤیج (یوڤێنتوس)، ڤان دایک (لیڤەرپووڵ)، جواو کاسیلۆ (مانچێستەر سیتی)، کیلیان ئێمباپێ (پاریس سانجێرمان).