image


پەیامی کورد... یۆرگن کلۆپ وەکوو باشترین ڕاهێنەری پرێمەر لیگ هەڵبژێردرا

یۆرگن کلۆپ بە باشترین ڕاهێنەری ئەم وەرزەی پرێمەر لیگ دیاری کرا، هەرچەندە لە دوا هەفتەدا نازناوی خولەکەی لەدەستدا.

ڕابیتەی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلتەرا ڕایگەیاند، یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی ڕاهێنەری یانەی لیڤەرپوول، بە باشترین ڕاهێنەری ئەم وەرزەی پرێمەر لیگ هەڵبژێردراوە.

بۆ دووەم جارە کلۆپ خەڵاتی باشترین ڕاهێنەری پرێمەر لیگ بەدەستدەهێنێت، کە لە وەرزی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩شدا خەڵاتەکەی بردەوە، دوای ئەوەی توانی نازناوی خولەکە بۆ لیڤەرپوول بەدەست بهێنێت.

کلۆپی ٥٤ ساڵ بە کۆکردنەوەی زۆربەی دەنگەکانی هاندەران و لیژنەیەک لە شارەزایانی تۆپی پێ خەڵاتەکەی بردووەتەوە، دوای ئەوەی تیپەکەی بەبێ دۆڕاندن لە یاریگای خۆیدا کۆتایی بەم وەرزەی پرێمەر لیگ هێنا، کە ئەمەش بۆ پێنجەم جارە لە مێژووی یانەکەدا، هەرچەندە لە دوایین هەفتەی خولەکەدا نازناوەکەی بۆ مانچێستەر سیتی لەدەستدا.

کلۆپ هیوادارە بە باشترین شێوە کۆتایی بەم وەرزە بهێنێت، کاتێک لە ٢٨ی مانگدا ڕووبەڕووی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە، لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا.

کلۆپ هەوڵ دەدات بە بردنەوەی چامپیۆنز لیگ کۆی نازناوەکانی لەم وەرزەدا بۆ سێ نازناو بەرز بکاتەوە، دوای ئەوەی جامی یەکێتی و جامی ڕابیتەی یانە پیشەگەرەکانی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە.